| ئارام |
<%ArchiveInfo%>
تیری لەی لەم _ عەزیز نەسینتیری. له‌ی. له‌م عه‌زیز نه‌سین هه‌بوو نه‌بوو .. نازانین ئاخۆ له‌سه‌رده‌می تازه ، یاکۆن دا بوو، یان له سه‌ده‌کانی ناوه‌راستدا بوو؟ له‌کاتێکی نه‌زانراودا.. ده‌وڵه‌تێکی نه‌ناسراو له‌م دونیا ناسراوه‌دا هه‌بوو. برسیه‌کانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته له تێره‌کانی زیاتر و، بیریاره‌کانی له‌نه‌زانه‌کانی که‌متربوون. ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی توشی هه‌ژاری هاتوون. هه‌موو خه‌ڵک سه‌ریان به‌سه‌ر سنگیان دا لار بۆته‌وه ، و چاویان ڕوو له سینه‌یان ، دڵیان له‌ئاست ئه‌وه‌ی که‌له ده‌وریان ڕوید‌اوه به‌ستراوه.
له‌سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته که‌سێک هه‌بووه به" سه‌رگه‌وره"(1) ناو‌براوه. که‌س له‌م ده‌وڵه‌ته‌دا له ڕێزی ده‌رنه‌چووه، ئه‌م کاره‌ش له‌باوانه‌وه بۆ نه‌وه‌کان ماوه‌ته‌وه. فه‌رمانه‌کانی سه‌رگه‌وره به‌شێوه‌یه‌ک زیادیکردوه که‌کۆتاییان نه‌بووه ، وای لێهاتووه دانیشتوانی ئه‌م وڵاته به‌رگه‌ی ئه‌م ژماره زۆره له فه‌رمانیان نه‌گرتووه. وه له‌لایه‌کی تریشه‌وه نه‌یان زانیوه چۆن ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وتانه‌دا بکه‌ن ، که‌نه‌یانتوانیوه به‌رگه‌ی بگرن . فه‌رمانه‌کانی سه‌رگه‌وره تا ئه‌وپه‌ڕیی زیادیکردوه. وه له‌گه‌ڵ ئه‌م فشارانه‌دا خه‌ڵک ده‌ستیان‌کردوه به‌بیرکردنه‌وه و به‌خۆیان گووتوه: " چیبکه‌ین له‌ته‌کیدا ؟ ".. فاڵچییه‌ک له‌ناویاندا ده‌رکه‌وتوه گووتویه‌تی: _ با به‌ناو که‌لتورماندا بگه‌ڕێین. وه بزانین کاتێ فه‌رمانه‌کانی سه‌رگه‌وره توند بووه‌و، زیادیکردوه، باپیرانمان چیانکردوه ، با وه‌کو ئه‌وان‌بکه‌ین. بینیویانه که ئامۆژگارییه‌کانی فاڵگره‌وه‌که گونجاوه . که‌وتونه‌ته گه‌ڕان به مێژویاندا، به‌دییانکردوه که باپیرانیان کاتی‌خۆی برۆیان گرژ کردۆته‌وه و خۆیان مۆن‌کردوه، کاتێ که فه‌رمانه‌کانی سه‌رگه‌وره توند‌بوه و فشاری زیاتری له‌سه‌رخه‌ڵک داناوه. سه‌ره‌تا، خۆشحاڵ بوون له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر فشاره‌کانی سه‌رگه‌وره‌دا ، که له توانایاندا نه‌ماوه، و بۆیان بارنه‌کراوه، وانه‌یه‌کی باشیان له‌که‌لتوری خۆیان هه‌ڵهێنجاوه. وه ووتویانه "چمان له‌به‌رده‌مدا نی‌یه جگه له برۆ گرژکردنه‌وه و، خۆ مۆن پیشاندان!". برۆکانیان گرژکردۆته‌وه و مۆن‌بوون. به‌ڵام ئه‌م‌کاره فشاره‌کانی سه‌رگه‌وره‌ی که‌م نه‌کردۆته‌وه، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه، هه‌ر له‌زیادبوندابووه. چه‌ند فشاره‌کان زیادبون، برۆکان زیاتر گرژتر‌بونه‌ته‌وه و مۆنتر‌بوون. برۆکانیان گرژکردۆته‌وه، مۆن بوون. گرژبونه‌وه‌و مۆنبون زیادیکردوه، تاوای لێهاتوه ئیتر برۆکانیان له‌وه‌نده زیاتر گرژنه‌بووه و ده‌موچاویان له‌وه‌نده زیاتر مۆن‌نه‌بووه. له‌ده‌م وچاویاندا جێ خه‌تێک ومویه‌ک نه‌ماوه گرژیان نه‌کردبێته‌وه و مۆن نه‌بوبێت. تاوای لێهاتوه ووڵات بووه به وڵاتی برۆگرژ و نیشتمانی مۆنه‌کان. ڕۆژان ڕۆیوه‌و وهه‌فته‌کانیش به‌دوایدا، خه‌ڵک له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا پێکه‌نین وخۆشییان له‌بیرچۆته‌وه. که‌سیان له‌ناودانه‌ماوه پێکه‌نینی هه‌بێت، وبزانێت مرۆڤ چۆن پێده‌که‌نێ. یه‌کێ‌له‌ناویاندا ده‌رکه‌وتووه‌و گووتیه‌تی: _ ئێمه‌ده‌رگامان له‌سه‌ر خۆمان داخستوه، نازانین له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌مان چ ده‌گوزه‌رێ.. با سێ که‌س له‌ڕۆشنبیرانی گه‌نجی ناو خۆمان هه‌ڵبژێرین، و به‌نهێنی بیاننێرین بۆ سێ‌ناوچه‌ی جیاواز. بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ ڕه‌فتاری خه‌ڵکی ئه‌وناوه له‌به‌رامبه‌ر یاسا سه‌رکوتکه‌ره‌کاندا لێکۆڵینه‌وه‌بکه‌ن و.. بگه‌ڕێنه‌وه به ئێمه‌ی ڕابگه‌یه‌نن و ئێمه‌ش جێبه‌جێیان بکه‌ین. سێ گه‌نجه‌که‌ی که‌له‌سێ ده‌وڵه‌ته بێگانه‌که، سێ ساڵ ماونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی که خه‌ڵک له‌وێ کردویانه وه‌ریان گرتووه و، گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ وڵاته‌که‌یان. خه‌ڵک له‌گه‌ڵیاندا کۆبوونه‌ته‌وه‌و لێیان پرسیوون.. _ چیتان بینیوه بۆمان باسک بکه‌ن. گه‌نجی یه‌که‌م گووتیویه‌تی: _ "برۆ گرژکردنه‌وه‌م له‌و جێگه‌یه‌دا به‌دی نه‌کرد. خه‌ڵک له‌وێ پێده‌که‌نن و ده‌ڵێن:"تیری. له‌ی . له‌م" وه ئێمه‌ش گه‌ر بمانه‌وێ له زوڵمی سه‌رگه‌وره ڕزگاربین، ده‌بێت بڵێین: "تیری. له‌ی. له‌م.. تیری. له‌ی. له‌م" و پێبکه‌نین و سه‌ما بکه‌ین. گه‌نجی دووه‌میش ئاوها قسه‌یکردووه: _ هه‌روه‌ها منیش یه‌ک که‌سی مۆنم نه‌بینی له‌و جێگایه‌ی که بۆی چووم. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که له‌م ده‌وڵه‌ته‌دا ده‌ژین پێده‌که‌نن و ده‌ڵێن: "له‌ی. له‌م. تیری. له‌ی. له‌م. تیری" ئێمه‌ش گه‌ربمانه‌وێ له زوڵمی سه‌رگه‌وره ڕزگارمان ببێت ، ده‌بێت هاواربکه‌ین و بڵێین "له‌ی . له‌م. تیری.. له‌ی. له‌م. تیری" و پێبکه‌نین و گاڵته‌وگه‌پ بکه‌ین. گه‌نجی سێهه‌میش گووتویه‌تی: _ ئه‌و جێگایه‌ی که‌من بۆی چووم که‌سی دڵ ته‌نگ و مۆن نه‌بوو، ئه‌وانه‌ی له‌وێ ده‌ژیان ده‌یان گووت: " له‌م. تیری. له‌ی..له‌م. تیری. له‌ی " و پێده‌که‌نین، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌وێت له زوڵمی سه‌رگه‌وره ڕزگاربین که‌تادێت توندتر ده‌بێت‌و چیتر به‌رگه‌ی ناگیرین، ده‌بێت بڵێین: "له‌م . تیری. له‌ی ..له‌م. تیری. له‌ی" و پێبکه‌نین. _ ڕاسته، به‌ڵام چۆن پێبکه‌نین ئه‌گه‌ر مانای ئه‌وه‌ی ده‌یڵێین نه‌یزانین؟ نه‌تانزانی مانای ئه‌م ته‌ری له‌یلانه چیه؟ گه‌نجی یه‌که‌م وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه و گووتویه‌تی: _ که‌ی ئه‌وه واده‌بێت .. من به‌به‌تاڵی نه‌ڕۆشتوم و هه‌رواش نه‌گه‌ڕاومه‌ته‌وه مانای"تیری. له‌ی. له‌م" به وه‌ڕینی سه‌گێک به هه‌موو که‌سێ جگه له‌خاوه‌نه‌که‌ی ده‌وترێ ، کاتێ که ئه‌م وه‌ڕینه به‌یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک ئاواز ده‌رده‌چێ :تیری له‌ی له‌م" گه‌نجی دووه‌میش ئه‌وها باسی لێکردوه: _ به‌ڵام مانای" له‌ی. له‌م. تیری ئه‌وه‌یه کاتێ ئاڵتون له‌تای ته‌رازویه‌ک داده‌نێن و پڕاوپڕ هه‌مان کێش له چه‌و(2) له تای به‌رامبه‌ری داده‌نێن ، هه‌ردوو تای ته‌رازووه‌که به‌ڕێزه‌وه له‌به‌رامبه‌ر یه‌کتردا ده‌چه‌منه‌وه، به‌م حاڵه‌ته ده‌وترێت" له‌ی. له‌م. تیری" ئه‌وه‌شی که گه‌نجی سێهه‌م گووتویه‌تی: سه‌باره‌ت به‌مانای" له‌م تیری له‌ی": به‌کرداری جیاکردنه‌وه‌ی کۆیله‌و خاوه‌نه‌که‌ی ده‌وترێ کاتێ که له‌حه‌مامدا جله‌کانییان داده‌که‌نن . _ خۆشبه‌ختبوین به‌وه‌ی که ئه‌م شتانه‌مان زانی. با ڕۆشنبیران کاربکه‌ن له‌سه‌ر شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م وتانه بۆ خه‌ڵک. ئێمه‌ش وه‌ک ووڵا‌تانی تر با بڵێین:" تیری. له‌ی. له‌م.. له‌ی. له‌م. تیری.. له‌م. تیری.له‌ی" و پیبکه‌نین و دڵخۆشبین. هه‌ر‌سێ ڕۆشنبیره‌که بڵاوبونه‌ته‌وه به‌ناو خه‌ڵکیدا. ئه‌وه‌ی که بڕیاری له‌سه‌ردراوه کردویانه. _ تیری. له‌ی. له‌م.. _ له‌ی. له‌م. تیری.. _ له‌م. تیری. له‌ی.. چه‌نده ده‌نگه‌کان به‌ره‌و ئاسمان به‌رزبونه‌ته‌وه، ده‌م‌وچاوه مۆنه‌کان پێکه‌نیون، و برۆ گرژه‌کان حه‌وانه‌ته‌وه، له هه‌موو جێگه‌و،ماڵ ، و گۆڕه‌پانێک ده‌نگێک به‌رز‌بوه‌ته‌وه‌و گووتویه‌تی "تیری له‌ی له‌م... له‌ی له‌م تیری... له‌م تیری له‌ی". کاتێ که سه‌رگه‌وره ئه‌م شته‌ی گوێ لێبووه برۆکانی گرژکردوه‌و ده‌م‌وچاوی مۆن‌کردوه . گووتیان گوایه زۆر به‌م ده‌نگانه توڕه‌بوه و، گوێچکه‌ی گرتوه سودی‌نه‌بووه. له‌و دیو دیواری زۆر ئه‌ستوره‌وه دانیشتوه که‌ڵکی نه‌بووه . نه‌یتوانیوه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ده‌ست ئه‌م ده‌نگانه‌ی که زه‌وی‌و ئاسمانی له‌رزاندوه خۆی ڕزگاربکات. چه‌نده پێکه‌نینی هاوڵاتیان زیادی کردوه، ده‌م و چاوی سه‌رگه‌وره مۆنتر بووه . چه‌ندێک ده‌م‌وچاوی خه‌ڵك كراوه‌ته‌وه ده‌م‌وچاوی ئه‌و زیاتر مۆن بووه. برۆی گرژ‌بووه. تا ئاستێک مۆن‌بووه که ئیتر له‌وه زیاتر نه‌بووه. له‌وده‌مه‌دا بڕیارێکی تازه‌ی‌ده‌رکردوه که تیایدا: "ووتنی : تیری له‌ی له‌م.. له‌ی له‌م تیری.. له‌م تیری له‌ی" قه‌ده‌غه‌کراوه . هه‌رکه‌سێ هاواربکات بۆماوه‌ی ده‌ساڵ زیندانی ده‌کرێ!." به‌ڵام خه‌ڵک له‌سه‌ر هاوارکردن و پێکه‌نین ڕاهاتوون و به شێوه‌یه‌ک گوێیان به‌م بڕیاره نه‌داوه، وخه‌ڵک هه‌موو له‌یه‌ک کاتدا هاواریان کردوه. سه‌رگه‌وره نه‌یتوانیوه ده‌ستنیشانی که‌سبکات و بیگرێ، بۆیه سزاکه‌ی گه‌وره‌تر‌کرده‌وه: _ ئه‌وانه‌ی پێده‌که‌نن گوله‌باران ده‌کرێن. ئه‌م کاره‌ش ترسی دروست نه‌کردوه. به‌هۆی ئه‌مه‌وه سه‌رگه‌وره بیری له‌فێڵێکی ژیرانه کردۆته‌وه. ئه‌و ڕۆشنبیره‌ی بۆکۆشک بانگهێشت کردوه، که‌خه‌ڵکی فێری تیری له‌ی له‌م کردوه، تاپێی بڵێ: _ من زۆر خۆشبه‌ختم به بیستنی ده‌نگی تیری له‌ی له‌م، ئێوه واده‌زانن که‌من دژیم! کێ ئه‌مه‌ی ووت؟ بێگومان ده‌بێت خه‌ڵک بڵێن تیری له‌ی له‌م، و ده‌م و چاویان پێبکه‌نێت، به‌ڵام داوایه‌کم لێتان هه‌یه. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که پێناسه‌ی تیری له‌ی له‌م دورودرێژه، گه‌له‌که‌مان له‌توانای‌دا نیه ڕسته‌ی ئاوها دورودرێژ له‌به‌ربکات. ئاخۆ، له‌تواناتاندا نیه که دوو ده‌سته‌واژه له‌م پێناسه‌یه ده‌ربکرێ، به‌ته‌نها له‌پێناو ئاسان بوونی کاره‌که له‌سه‌رگه‌ل! و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م کاره‌شتدا مانگانه دووسه‌د لیره‌ی ئاڵتون بۆ پێداویستییه‌کانت ده‌بڕمه‌وه. ڕۆشنبیره‌که باوه‌ڕی به‌م پێشنیاره کردووه‌و گووتویه‌تی: _ باشه.. دوای‌ئه‌وه، دوای‌لابردنی دوو ده‌سته‌واژه، ئه‌م پێناسه‌یه‌ی بۆ خه‌ڵک گوتوه : _ به‌وه‌ڕینی سه‌گ به‌هه‌مووکه‌س جگه‌له‌خاوه‌نه‌که‌ی ده‌گووترێت تیری لی له‌م.. سه‌رگه‌وره ڕۆشنبیری دووه‌می بانگکردوه‌و هه‌ندێ پێشه‌کی بۆ هێناوه‌ته‌وه‌و داوای لێکردوه دوو ده‌سته‌واژه له‌پێناسه‌ی له‌ی له‌م تیری ده‌ربهێنێ. ئه‌مه له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ل ناتوانێ ده‌سته‌واژه‌ی ئاوها درێژله‌به‌ربکات، ئه‌ویش ڕازی‌بووه و له‌به‌رامبه‌ر دابینکردنی بڕی دووسه‌د لیره‌ی ئاڵتون مانگانه. وه پێناسه‌ی له‌ی له‌م تیری شی به‌م شێوه‌لێکردوه: _ لاربونه‌وه‌ی دوو تای ته‌رازویه‌ک له‌به‌رامبه‌ر یه‌کدا کاتێ ئاڵتون و چه‌و ده‌کێشین. سه‌رگه‌وره ڕۆشنبیری سێهه‌مشی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه. ئه‌ویش له به‌رامبه‌ر دووسه‌د لیره‌ی ئاڵتون‌دا به‌خه‌ڵكی گووتووه: _ به داکه‌ندنی جله‌کانی کۆیله و خاوه‌نه‌که‌ی له‌حه‌مامدا ده‌وترێ له‌م تیری له‌ی.. خه‌ڵک هه‌ر پێکه‌نیون و گووتویانه: " تیری له‌ی له‌م.. له‌ی له‌م تیری.. له‌م تیری له‌ی ". به‌ڵام پێکه‌نین وه‌کو جاران نه‌بووه. به ڕاده‌ی دوو ده‌سته‌واژه‌که پێکه‌نینیش که‌می‌کرده‌وه. ده‌م وچاوی سه‌رگه‌وره‌ش وه‌ک جاران مۆن نه‌بووه. مۆنی به‌قه‌ده‌ر دوو ده‌سته‌واژه‌که له‌چاو پێش‌خۆیدا که‌می‌کردوه. جارێکی تر سه‌رگه‌وره ڕۆشنبیری یه‌که‌م بانگ ده‌کاته‌وه‌و پێی ده‌ڵێت: _ ئایا ناتوانین دوو ده‌سته‌واژه‌ی تریش لابده‌ین؟ نیازی من ئه‌وه‌یه که گه‌ل فێری پێناسه‌یه‌کی ئاسانتر بێت. وه له‌به‌ندی مه‌سروفاته‌کاندا دووسه‌د لیره‌ی ئاڵتونی ترت بۆداده‌نێم. ڕۆشنبیر له وه‌ڵامدا ووتویه‌تی: _ باشه.. ڕۆشنبیری دووه‌م و سێهه‌میش ڕازی بوون.. وای لێهاتوه تیری له‌ی له‌م بووه به: وه‌ڕینی سه‌گ.. له‌ی له‌م تیری بووه به: کێشی ئاڵتون و.... له‌م تیری له‌ی بووه به: داکه‌ندنی جلوبه‌رگ له‌حه‌مامدا. خه‌ڵک هه‌ر پێکه‌نیوون و ووتویانه :" تیری له‌ی له‌م.. له‌ی له‌م تیری.. له‌م تیری له‌ی" به‌ڵام پێکه‌نینه‌که‌یان وه‌ک جاران نه‌بووه له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رگه‌وره باشتر پێکه‌نیوه. یه‌ک یه‌ک سه‌رگه‌وره هه‌ر سێ ڕۆشنبیره‌که‌ی بۆ کۆشک بانگکردۆته‌وه و به‌هه‌ر یه‌که‌یانی گووتوه: _ ده‌مه‌وێت کاره‌که له‌سه‌ر گه‌ل سوک بکه‌م. ناتوانرێ پێناسه‌که ته‌واو لاببرێ و هه‌ر " تیری له‌ی له‌م.. له‌ی له‌م تیری.. له‌م تیری له‌ی" بمێنێته‌وه. تێمده‌گه‌ن وانیه؟ ئه‌وه‌ی من گه‌ره‌کمه ئاسان کردنیه‌تی بۆ گه‌ل. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م کاره‌شتاندا له‌به‌ندی مه‌سروفات هه‌ریه‌که‌ی مانگانه دوسه‌د لیره‌ی ترتان بۆ زیاد‌ه‌که‌م. ڕۆشنبیران ئه‌م پێشنیاره‌یان به‌باش زانیوه.. له‌گه‌ڵ کورتکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌کان له‌پێناسه‌که هیچ وشه‌ییه‌ک نه‌ما‌وه‌ته‌و‌ه.. ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه ته‌نها " تیری له‌ی له‌م.. له‌ی له‌م تیری.. له‌م تیری له‌ی" بووه. خه‌ڵک ئیتر مانای ئه‌م وشانه‌یان نه‌زانیوه و ده‌موچاویان زیاترمۆن بووه. تاوایان لێهاته‌وه ئه‌وانه‌ی له‌م وڵاته‌دا ژیاون له‌جاران زیاتر مۆنتر‌بوون . له‌ولاشه‌وه سه‌رگه‌وره وه‌خته‌بووه له‌پێکه‌نیدا بمرێ. خه‌ڵک مۆن بوون، ده‌موچاویان داوه به‌یه‌کدا، بێ‌ئه‌وه‌ی مانای ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن بیزانن پێکه‌وه هاواریان‌کردووه و گووتیانه: _ تیری له‌ی له‌م.. _ له‌ی له‌م تیری.. _ له‌م تیری له‌ی.. به‌م شێوه‌یه له‌و ڕۆژه‌وه له‌و ووڵاته‌دا ، له‌لایه‌ک خه‌ڵکی هاوارده‌که‌ن: " تیری له‌ی له‌م.. له‌ی له‌م تیری.. له‌م تیری له‌ی.." و له‌لایه‌کی تریش سه‌رگه‌وره چێژ له‌ژیان وه‌رده‌گرێ. _ تیری.. _ له‌ی.. _ له‌م.. ------------------------------------------------------------------------------------------- تێبێنی: تکایه به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌م بابه‌ته کۆپی و بڵاومه‌که‌نه‌وه..1. سه‌رگه‌وره: سه‌رۆک 2. چه‌و : (خڕ‌که‌به‌رد) 03:43 - 2.8.2006 - ناردنی په‌یام
|