| ئارام |
<%ArchiveInfo%>
تۆ و رۆژهه‌ڵاتدایه، هه‌ر که له تۆ جودابومه‌وە ڕۆژهه‌ڵاتم ناسی. ده‌زانم دایه سه‌رت قاڵه و نات په‌رژێ. ده‌زانم هه‌موو جار دەتوت" ڕۆڵه دایک چۆن ئه‌ولادی خۆی له‌بیرده‌کا" به‌س من هه‌روا بۆ خۆم حه‌زمکرد پێت بڵێم کە ڕۆژهه‌ڵاتیش کچه‌که‌ی خۆته با چه‌ندین ساڵیش لێت دوربێت ، پێویستی به نازه.
دایه لات سه‌یر نه‌بێت و ڕەنگه تۆ ڕیت نه‌که‌وتبێته ئه‌و ناوە. خۆ منیش هێشتا نه‌مدیوە دایه ، ته‌نها یه‌ک جار نه‌بێت که وه‌کو خه‌و چومه باو‌ه‌شی و ده‌ستیم گرت و نام به‌سنگمه‌وە.. پڕ به سینه بۆنمکرد.. دایه ڕۆژهه‌ڵات ئه‌وه‌نده ناسکانه له‌گه‌ڵم ده‌دوا، به‌شێوەیه‌ک سه‌ری به‌سه‌ر دڵمدا شۆڕکردبۆوه و گوێ‌ی له ترپه‌کانی ده‌گرت هه‌ستم به ڕیشوو ڕیشووی ده‌ماره‌کانی ده‌کرد. به‌ڵام هه‌ر زوو دایه له‌خه‌و‌ه‌که خه‌به‌رم بۆوه ، تێر تێر و به‌دڵی خۆم لا ملیم بۆننه‌کرد و زەردەی گه‌ردنیم نه‌لاواندەوە. ئاواتم بوو چاو له چاوە سه‌وزه‌کانی ببڕم به‌ڵام دایه وە‌ختێ چاوم ده‌خسته سه‌رچاوه‌کانی سڕده‌بووم و بێ هۆش ده‌مام، چه‌ند جارێک له خه‌وەکه‌ما خه‌ریک بوو ببورێمه‌وە و له‌هۆش خۆم بچم. دایه له خه‌وه‌که‌ما " خودایه به خێری بگێڕی" من و ڕۆژهه‌ڵات له‌ژێر که‌پرێکا دانیشتبوین و دەستمان خستبوە ناو دەستی گه‌ڵا وەریوەکانی چواردەورەمان. باسی عه‌شق و ئه‌وینمان بۆ باڵنده‌کانی دەورمان دەگێڕایه‌وە. دایه نازانم بۆ خه‌وه خۆشه‌کان هێندە کورتن و خه‌وە ناخۆش و تاریکه‌کان به‌درێژایی ته‌مه‌ن دەمێننه‌وە. هه‌رچی ڕێبوارانی رێ‌بوو سه‌رنجیان لێ دەداین و دەیانگووت: تۆ ته‌ماشای ئه‌و دوو عاشقه بکه‌ن چۆن له‌گه‌ڵ یه‌کدی تێکه‌ڵبون. ئاخر دایه وام هه‌ستدەکرد و دەمزانی له دڵی خۆیاندا دەڵێن : تۆ ته‌ماشا قه‌ت نه‌یدیوە و نایناسێ که‌چی دەڵێی له‌گه‌ڵیدا له‌دایک بوەو گه‌ورەبوە و لە نزیکیا ژیاوە. ده‌ڵێی هه‌زار ساڵه پێکه‌وەن. دەیانوت تۆیه‌ک خه‌ڵکی باشور چۆن ئاوا عه‌شقی رۆژهه‌ڵات دەبی. رۆژهه‌ڵات زۆر شیتانه گوێ‌ی نه‌دەدا و گوێ‌ی نه‌داوە، هه‌رچیه‌کی بویستایه له‌خه‌وەکه‌ما دەیکرد. ڕەنگه جارجار په‌لەیشی پێوە دیار بێت، به‌ڵام ئه‌وە هیچ نیه له‌چاو ناسکیه‌کانیا. دایه له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتا نانمان خوارد، داوەتی خوانێکی زۆر نایابی کردم، به‌ڵام به‌ڕاستی له‌به‌رئه‌وەی ئه‌وەندە تامه‌زرۆی رۆژهه‌ڵات خۆی بووم نه‌مزانی نانه‌که‌م چۆن خوارد. رۆژهه‌ڵات کیژێکی جوانی ژیکه‌ڵه و میهرەبانه، حه‌زی له شیعرەو ئارەزوی به‌ردەوامی موسیکه، وەختی گریانیش له‌گه‌ڵ موسیک نه‌بێت ئیدارە ناکات.. دەزانم دایه تۆ هه‌رچی موسیک بێت پێی دەڵێی"لۆتی "، به‌ڵام به‌قه‌ولی خۆت ئه‌و "لۆتیانه" نه‌بونایه قه‌ت رۆژهه‌ڵات به‌ری نه‌دەگرت، قه‌ت وا ناسک نه‌دەبوو، گه‌ر ناڵه‌ی شمشاڵی ، دەنگی ژێ‌ی که‌مانی تاڵه‌کانی قژی نه‌بوایه، ئاوا ئاوی سازگاری کانیه‌که‌ی به‌پاکی نه‌دەگه‌یشته جێ و پڕدەبوو له‌به‌رد. دایه خۆت دەزانی من هه‌ر له منداڵیه‌وە چاوی سه‌وزم پێ جوانه، دەزانی دایه چاوی سه‌وزی رۆژهه‌ڵاتم دی! پێش ئه‌وەی له‌خه‌وەکه‌م به‌ئاگابێم دایه رۆژهه‌ڵات کیسه‌یه‌ک قه‌زوانی سه‌وزی ترش و شیرینی دامێ، دەنکێکم لێخوارد و دڵم نه‌هات هه‌موی ته‌واوکه‌م، دایه کیسه‌که بۆنی تورەکه‌که‌ی رۆژهه‌ڵاتی گرتوە.. دایه رۆژهه‌ڵات کچی نیشتیمانه‌که‌ی خۆتە، ناشێ بیرت نه‌مابێت. بیرت نایه دایه ئه‌و ساڵه‌ی شیرازەی ماڵ نه‌ما، هه‌موو ئارەزوە کچانه‌ییه‌کان به‌رەو ماڵه گه‌رم ودڵه میهرەبانه‌که‌ی کچه‌ی تاقانه‌ی رۆژهه‌ڵاتت که‌وتنه‌ڕێ. خۆ ئه‌وە یه‌که‌م جار نه‌بوو دایه که رۆژهه‌ڵات وەک ناز، کچێتی نیشتیمانت بلاوێنێته‌وە. له ناو بۆن و ئامێزیا ، له پاڵ کوره‌دارە گه‌رمه‌که‌ی دڵیا، له به‌ری سه‌رەوەی دیوەخانه‌که‌ی رۆحیا وەک خانه‌خوێ دانه دانه‌ی ته‌زبیحه ونبوەکان دوای لا ئیلاهه ئیلله‌ڵایه‌کی دورودرێژ و ماندویی بچنێته‌وە. ئه‌ی خودا چه‌ندە حه‌زم له رۆژهه‌ڵاته ، چه‌ندە عه‌شقیم، چه‌نده‌م خۆشدەوێت... ئێستاش نازانم کامه "شومال" یه‌تی، وە‌ختێ باسی "شومال و جنوب"یم بۆ دەکه‌ن دەبێ وچانێ بگرم و بپرسم ، ناوی دانه به دانه شارەکان بکه‌م ئه‌وجا تێدەگه‌م. ئه‌وەندە تامه‌زرۆی دیداریم، به‌سه‌رهاته خۆش و ناخۆشه‌کانی بۆم دەبنه ئه‌و حیکایه‌تانه‌ی به‌هه‌زاران جۆر دەگێڕدرێته‌وە و هیچکامیان له‌وی دییان ناکا، گه‌ر هه‌زار جاریش هه‌مان چیرۆکم بۆ بڵێنه‌وە ، تامی له ئه‌وەڵین جارەکه‌ی خۆشترە و دڵم نایه‌ت هه‌موو جه‌سته‌م نه‌که‌مه گوێ و تامی نوقڵی به‌سه‌رهاته ترش و شیرینه‌کانی له‌ژێر زمانما هه‌ست پێنه‌که‌م. ئاخر دایه تۆ نازانی رۆژهه‌ڵات چ شۆخه کیژێکه... هۆ رۆژهه‌ڵات گوێت لێمه....... 15:45 - 16.12.2007 - ناردنی په‌یام
|