ئارام
<%ArchiveInfo%>

به‌ره‌به‌یانی مه‌ستترین عه‌شق یا نیشانه‌كانی ره‌ق بونی عاتیفه‌

چینی: -----

به‌یانیه‌كی دیت باش شازاده‌ی میهره‌بانی شیعر

ئه‌وه‌نده‌م غه‌ریبی كردی ئه‌مشه‌و ،به‌قه‌د به‌رینی ئاسمانی فڕین

ئه‌وه‌نده‌م گریه‌ كرد ده‌ترسام هه‌رچی جۆگه‌ و ڕوباره‌كانی نیشتیمانی دڵم هه‌یه‌ وشك بكه‌ن.

ئه‌وه‌ند گریام چاوه‌كانم ئێستاش ئه‌برژێنه‌وه‌ و قرچه‌ی جه‌رگیان دێت

باوه‌رناكه‌م قه‌ت ئه‌وه‌نده‌، ئه‌م موریدی جوانیه‌ گریابێت

به‌ قوڵپ ئه‌گریام و گیرسانه‌وه‌ی نه‌بوو

قوڵپ قوڵپ

تۆ خۆت ئاگات له‌ قوڵپی گریان هه‌یه‌ ده‌زانی قوڵپ چۆنه‌.

 ئه‌وه‌نده‌ له‌ قوڵاییه‌وه‌ كانی فرمێسكه‌كان هه‌ڵده‌قوڵان ئێستاش له‌شم سڕه‌ و ماندو و هیلاكه‌ ،

خاكی ڕوم شل شل و هه‌ڵته‌كاوه‌.

 ئه‌ڵێ ی بیری ئاوی فرمێسكم لێداوه‌

یه‌كه‌م جارمه‌ كه‌ رێگه‌ له‌ خۆم نه‌گرم و بیه‌ڵم فرمێسكه‌كانم به‌ ئازادی و سه‌ر‌به‌ستی بێنه‌ده‌ر

یه‌كه‌م جارمه‌ گوێ بۆ ئه‌فسانه‌ی ئه‌و حیكایه‌تانه‌ نه‌گرم كه‌ ده‌ڵێن عه‌یبه‌ تۆ كوڕی نابێ بگری

تۆ پیاوی بۆ پیاو شه‌رم و ترسنۆكیه‌ گریان

هه‌میشه‌ دڵ ره‌قانه‌ له‌ ناوه‌وه‌ ده‌مپه‌ساندن و فرمێسكه‌كانم رێگه‌یه‌كیان شك نه‌ده‌برد بۆ سه‌ر هێنانه‌ ده‌ر

ئازادیم لێ زه‌ود كردبون و له‌ ناو سنورێكی قوڵی به‌ خه‌م مینڕێژكراو ،

به‌ پان و به‌رینی ئه‌ندێشه‌ی ناوخۆیی ته‌نراو ، ده‌رگاكانی ها‌تنه‌ده‌ره‌وه‌م له‌سه‌ریان داخستبوو.

ئه‌بێ ئه‌م گریانه‌ چی به‌ ده‌مه‌وه‌ بێ؟

نازانم؟

 ئه‌بی سه‌ره‌تاكانی ته‌سلیم بون و نیشانه‌كانی ره‌ق بونی عاتیفه‌

تان و پۆی پیربونی دڵی پێوه‌بێ؟

نازانم؟

یا ره‌نگه‌ به‌ره‌به‌یانی مه‌ستترین عه‌شق بێت.

.

01:16 - 12.6.2008 - ناردنی په‌یام


بەخێرهاتیەوە

ماندوو نەبیتەوە مام ئارام ، ماوەیەک بوو دیار نەبویت. پێ دەچێت بۆ ئەوەی پشوویەک بە جەستەی قەڵەمە ناسک و دلێر و بەچاو ڕونەکەت بدەیت و لە وشەکانی نێو باڵەخانەی هزرت گەڕێیت کەمێک خۆیان بکێشنەوە پێت لە جەرگی خۆنابێت و مۆڵەتێکی نەخوازراوت پێدابن .
بۆیە منیش ئیدی نەمدەتوانی خۆ لە زیتە زیت و هاوار و هاواری وشە یەخسیر و قژ ژاکاوەکانی نێو باستێلەکەی هەناوم گەڕێم کە لە چەوساوەیی قەڵەمە ژەنگاویەکانی نێو گیرفانم بپاڕێنەوە تا ئازادیان بکات.
چەندە سەختە لە کۆترەکانی نێو مێشکت گەڕێیت لە شەقەی باڵ بدەن و نەزانیت چۆن چۆنی دەنیشێنەوە. دەمەوێت بە سوپاسەوە ئەوەت پێ بڵێم کە نەقیزەیەکی تۆ جوڵاندمی تا بەگژ بیری تاکڕەوانەی خۆمدا بچمەوە. لێ گەڕێ با لە رۆحیانەتی ناڵەی جوداییەکەی هێمنی خۆشدوو مۆڵەتێک بخوازم و بڵێم
دێم و دێم و دێم و دێم و دێم و دێم
گەرگلاشم قەلەمسازی ئێوە خۆش
پاشان بوارێکیشم پێ بدە تا بڵێم چەندە جوان لە دوایین دوو بەرهەمتدا هەوڵ دەدەیت گرژی شەپۆلەکانی دەریا ساکن بکەیت. خۆنچەوشکۆفەی فرمێسکەکانت خۆش.

گۆڕاوه‌ له‌لایان hawaar له‌ سه‌ر 11.6.2008 له‌ 18:15

hawaar - 05:14 - 12.6.2008


خۆت بەخێربێیتەوە

سڵاو دۆستی ئازیز ، زۆر سوپاس بۆ سەردان و وشە ناسک و گەرمەکانت.
وەختی ناوەکەتم بە شینی بینی تێگەشتم کە بەراستی هەوارێکت بۆخۆت چی کردوە ، زۆر بە پەلە و بی ئەوەی بزانم ئەم جارەیان چیت نوسیوە ، قەڵەم بازێکم داو و دەستم نا بە هەواری شینا ، بەڵام وەختێ دەبینم دەڵێ زانیاری نیشان نادرێ ، زانیاری بۆ ئێوه‌ ده‌رناکه‌وێ ....
نەوەستام و کۆڵم نەدا ، هاوار و هەوار هەموو جۆرەکانیم تاقی کردەوە ، تا بەدەستم هێنا ...
کەجی وا دەبینم 18 بابەتی بە بۆن و بەرامەی کۆمەڵی وشە و دێڕەشیعر رازێنراونەتەوە ، زۆرم پی خۆش بوو ، لەمەولا دەبێ ببینە خوێنەری ئێوەش..ههه
دەستەکانت خۆش بێت ،بەڵام بۆ کارەکەت لەسەر قورس کردم و هەر لە سەرەتاوە لینەکەکەت بۆ نەناردم ..ههه
وەک خۆت دەڵێیت دەستی داپیرە دەگریت و بە پشتی چەماوەوە کۆڵان و کوجەکانی نیشتیمان تەیدەکەی .. ئاوا منیش دەبێت بە چاوێکی کز و ماندوەوە نیشتیمانی شیعرەکانت مەنزڵ بە مەنزڵ تەیبکەم.
دەبێ لە پرسی گریانی هەور و بەخور داکردنت بکۆڵمەوە ، لارولەنجەی شەماڵی زەنگۆل زەنگۆلت بلاوێنمەوە ، وەمزانی هەر من دەتوانم حیکایەتەکانی نەنکم بلاوینمەوە و بیانگێڕمەوە ، کەچی ئەوا تۆش بە دەستێکی پڕی بەهاریەوە خەرمانیك وشەی ناز لەگەڵ خۆت دەگێڕیت.
خەرمانت پڕ لە بەرەکەت هەوار گیان

Aram - 18:48 - 13.6.2008


کۆمێنتی بێ‌ناو

کاک ئارام گیان، داوای لێبوردنێک لە برای خۆت قبوڵ بکە، بە ڕاستی ئەوەی بیرم بۆی نەچووبێت ئەوەبووە کە ببمە هۆی ئەوەی هەندێک کاتی بەنرخی بەڕێزتان بەفیڕۆ بڕوات. پاشان بەڕاستی هەرگیز بیرم بۆ ئەوە نەدەچوو کە لینکی بلاگی ئەو هەوار ناوە لە سەرئێشە رزگارت دەکات.
منیش هەروا دەمەوێت سوپاسی هەستی جوانت بکەم دەرباری ئەو چەند دێڕەی لە بلاگەکەدا بە دیدی بەرێزتان ئاشنا بووبوون. بێ گومانم دێر بە دێڕیان ڕێزی بێ پایانی نوسەریان پێ ڕاگەیاندویت.
سەبارەت ئەو لێزمە بە خوڕەش کە ئەو هەورە هاوینیانەی بەندە گێراویانە ، پێم خۆشە پێت بڵێم کە ئەو ماوەیە سەرم زۆر قاڵی کار و ئیشکردن نەبوو ، بۆیە هەندێک بیرۆکەی پەرتەوازە و بابردەلەی نێو کامپیوتەرەکم و نێو مێشکم ، چەند وردە دەستکارییەک و چەند ذاڕشتنەوەیەکیان گەرەک بوو بۆ ئەوەی کەڵەکە گردەڵەیەکیان لێ دەربچێت کە هێزی ئەوەم تێدا بێت لێیان گەڕێم خۆ بدەنە دەم ویژدانی خوێندەرانیانەوە داوای لێبوردن لە هەر کرچ و کاڵییەک بکەن کە تێیاندا دیار بێت. ئێستاش وردە وردە بە پێی توانا و بە پێێ دەرفەت هەوڵ دەدم سەرەلەقەیەک بکەم، هیوا دارم نەفەسم لەو هەوڵانەدە دریژ بن.
سوپاس بۆ بەڕیزت کە سەردانی هەوارت کرد.
خۆشحاڵم کە دەبیستم میوانی وەک بەڕیزتان سەردانمان دەکەن وێڕای وشکی ماڵەکەمان.

hawaar - 02:33 - 15.6.2008


لاپه‌ڕه‌ی پێش لاپه‌ڕه‌ی پاش