| دایمه نه‌نكم ئاوای ده‌گوت |
<%ArchiveInfo%>
ده‌مامكی ڕۆژی ههشتهمدهمامكی ڕۆژی هه‌شته‌م / به‌شی سێهه‌م ماوه‌یه‌ك پاش ئه‌وه كه ده‌چومه‌وه كتێبخانه سه‌رنجم ده‌دا و چاوم ده‌گێڕا هه‌ستم ده‌كرد چاوی له‌سه‌رم ناتروكێنێ و به‌شوێن هه‌نگاوه‌كانمه‌وه‌یه ، دوایی خۆی بۆی دركاندم كه هه‌ستێك له ناخیا وای لی كردوه كه بیرم لێ بكاته‌وه و به سۆراخمه‌وه بێ . نازانم ئه‌و هه‌سته چی بوو ؟ هه‌ستی تۆڵه‌كردن بوو ؟ یا هه‌ستی ئاشتی دوای شه‌ڕ ؟ هه‌ستده‌كه‌م له پێناو تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌دا منی كرده ژنی خۆی. خۆپه‌رستی و هه‌ست كردن به شكان له ئه‌وه‌ڵین ساته‌وه رقی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی له‌لا دروست كرد و به دوورووی ، تا وه‌ك ئاسكێكی له قاچ كه‌وتو له‌ناو تۆڕی ته‌نراوی شیعره‌كانیا خۆم دیه‌وه . ئێستا شاعیره‌كان وه‌ك كیسرا و ئیمپڕاتۆر و قه‌یسه‌ره‌كانیان لێ هاتوه ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ل هه‌موو كچانی مه‌مله‌كه‌تدا جووت بن . ئه‌وان جیاواز له قه‌یسه‌ر له گه‌رمه‌ی شه‌ڕا شیعر ده‌به‌خشنه‌وه ، ده‌ڵێن فه‌نتازیای شیعر وا ده‌خوازێ . دوبه‌ندی گۆرانیه‌ك كه له ئاهه‌نگێكدا بوترێ كه خوا ده‌زانێ میژوه‌كه‌ی كه‌یه ، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌ورێكی ڕه‌ش له قسه‌ی بێ تام په‌رژینم بكات . ئه‌و هه‌روه‌ك هه‌موو پیاوێكی ئه‌م گۆی زه‌ویه ، پێیوایه پیاو ده‌ست له ژن به‌ربدات ده‌كه‌وێته‌خوار. گه‌ر قسه‌یه‌كی نه‌سه‌پێ ، سێ رۆژ له نان ئه‌تۆرێ ، له لوت به‌رزیدا زۆر جار كه هه‌ڵه‌یه‌كیش ده‌كات به‌س له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌ڵێ ببوره من هه‌ڵه‌م كرد لوتده‌كات. ده‌ستی ده‌خسته ناو هه‌ڵبژاردنی هاوڕێكانیشمه‌وه ، ده‌بوایه به‌دڵی ئه‌و هاورێكانم هه‌ڵبژێرم ، حه‌زی ده‌كرد كامه كه‌س ژنه‌كه‌ی جوان بوایه هاوڕێیه‌تی بكا ، ده‌یووت خوا بۆ ئه‌وه دروستی كردوم تا جوانی پێ ببینم، چاوی من بۆ ئه‌وه كراوه جوانی ببینێ، نه‌شی ده‌هێشت ئه‌وانه‌ی دۆستی هۆنراوه و ده‌نگبێژی شیعره‌كان بون و له هونه‌ره‌وه نزیكن په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ بچنن ، ده‌یووت شاعیره‌كان ده‌میان لوسه و دوایی له خشته‌ت ده‌به‌ن . زۆر جار شه‌رێ به ئاوێنه‌كانی ماڵه‌كه‌شمان ده‌فرۆشت كه من له به‌رده‌میا خۆم ده‌گۆڕم و خۆمیان له‌به‌رده‌مدا ئارایش ده‌كه‌م . هه‌ر زوو زوو ده‌یوت وه‌ك هه‌موو ژنێكی دوینا خۆت بۆ پیاوه‌كه‌ت جوان بكه ، منیش كه توره ده‌بوم ده‌موت وه‌ك هه‌موو پیاوێكی دونیا به‌س ده‌زانن چاو بز بكه‌نه‌وه و ته‌ماشای ڕوتی ژن بكه‌ن .. هه‌میشه بڕیاره‌كانی ئاماده‌یه تا خه‌ڵكانی دی پێ له چوارچێوه بدا ، هه‌میشه ناوه‌ناتۆره‌كانی ئاماده‌ن تا به‌سه‌ر خه‌لكی دیا بیان لكێنی ، كۆمه‌ڵێ فۆرمی وشه و قاڵبی تایبه‌تی هه‌یه كه هه‌ر كه‌سێكی بوێ ده‌یخاته ناوی ته‌نها خۆی نه‌بیت ، كه به‌پێی قسه‌ی خۆی بێ هیچ چوارچێوه‌یه‌ك نایگرێته‌وه ، بۆی ئاسانه تانه و ته‌شه‌ر دان و قسه‌ی سوك كردن . هاورێیه‌كم هه‌بوو زۆرم خۆشده‌ویست ، به‌ڕاست هاوڕێی ته‌نگانه و ئه‌و كاتانه‌م بوو كه دڵم تیایدا ده‌گیرا و حه‌زم له خه‌م هه‌ڵڕشتن بوایه ، هانام بۆ ده‌برد و دایمه هه‌موو هه‌ست و گیان و دڵی ئاوه‌ڵا بوو بۆم ، جودا له وانی دی زۆر هه‌ستی پێ ده‌كردم ، چونكه هه‌ر له مناڵیه‌وه و به‌زۆر دابویان به شوو ، دوای پێنچ ساڵ و منداڵێك سه‌ره‌نجام جیابوبۆوه ، زوو له مانای خه‌م و ناڕه‌حه‌تی ده‌رونی تێگه‌یشتبوو و هه‌ستی پێده‌كرد، له‌شووی دوه‌میشیدا شكست دێنێ و دوای سێ مانگ جیاده‌بێته‌وه ، سه‌ره‌نجام نه‌گبه‌ته له زه‌واجی سێهه‌میدا دوای دوو ساڵ و منداڵێك له‌ویش جیاده‌بێته‌وه. ته‌ركی ئه‌و هاوڕێیه‌ی پێ كردم ، ده‌یوت عه‌یبه‌یه له سێ شوو یه‌كێكیانی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه . هه‌زار بیانوو و بوختان و شتی هه‌ڵبه‌ستراوی بۆ ده‌هێنامه‌وه تا ته‌ركی هاوڕێیه‌ك بكه‌م و وازی لێبێنم . هه‌ركه‌سێكی به‌دڵ نه‌بوایه به چه‌نباز و نه‌زان ده‌یدایه قه‌ڵه‌م.
..........باشتره بڵێم ماویه‌تی.......
11:22 - 12.11.2009 - ناردنی په‌یام
|