<%ArchiveInfo%>
چاوه‌كانت جوتێ چران بۆ ڕوناكی ڕێم هه‌ڵكران له ڕێی سه‌ختی به‌ره‌وژورا به‌شوێن هیوای به‌رز و دورا نیگایان وزه و تینمه تێشوی سه‌فه‌ری ژینمه چاوه‌كانت بێده‌نگ ئه‌دوێن نیگا ئه‌كه‌ن زۆر شت ئه‌ڵێن ئه‌وه‌ی به ده‌م نایدركێنی ئه‌وه‌ی لات بۆته نهێنی هه‌ركاتێ سه‌رنجیان ئه‌ده‌م ئاشكرا لێیان تێئه‌گه‌م چاوه‌كانت جوتێ خۆرن وان به ئاسمانی دڵه‌وه سروشت تیشكی لێ دزیون وان به ڕومه‌تی گوڵه‌وه گوڵیش بۆیه پێكه‌نیوه خه‌نده‌ی له لێوت دزیوه
16:52 - 30.7.2010
- {2}
-
به‌دڵ ئه‌و لاوه‌ی جارانم دیوتم , ئێستا دڵخوازی ڕه‌نگی په‌ڕوتم ئه‌و عه‌شقه‌ی وه‌ك باز نیشتۆته سه‌رتۆ ئێستا باڵشكاو كه‌وت له په‌لو پۆ ئه‌و زه‌ردی تێزا, ئه‌میان چه‌ماوه به‌ڵام له‌لای من هیچ نه‌گۆڕاوه منیش وا دڵم لات به‌جێماوه مه‌یله گه‌رمه‌كه‌ی جارانم ماوه هه‌رچه‌ن پیربوم و ره‌نگم شێواوه به‌ڵام دڵی من وه‌كو خۆی ماوه
12:49 - 24.2.2010
- {1}
-
له وه‌ته‌ی هه‌م به‌ره‌نگاری و جه‌نگمه و كه‌س له خۆم به قاره‌مانتر نازانم له‌وه‌ته‌ی هه‌م كه‌س له خۆم به عاشقتر نازانم. كه‌چی ئێستا ده‌ستێكم ئه‌وه‌تا به داره‌كه‌ی لای ماڵه‌وه‌یه و ده‌سته‌كه‌ی ترم به دڵمه‌وه. هه‌ركات هه‌ست به ته‌زویه‌ك ده‌كه‌م یا خود ده‌مه‌وێت مه‌ستی به‌رۆكم به‌رنه‌دات, گوێ له‌و موسیكه ئاڵه ده‌گرم كه هه‌میشه بۆ ئارام بونه‌وه‌م نۆته‌كانیت له‌سه‌ر ده‌فته‌ری دڵت نوسیه‌وه , وه‌ختێك وشه‌كانی ئاڵترن له‌وه‌ی كه هه‌بون ده‌مه‌وێت یان هاواركه‌م یان له قوڵا‌یی دڵه‌وه بگریم چه‌ند جارێكه ده‌مه‌وێت خۆم له‌سه‌ر ئه‌وه ڕابێنم كه ئیتر نه‌ترسم كه ئیتر دڵم له پڕ لێنه‌دا و له ناخافڵ خۆێ به‌رنه‌داته‌وه
09:55 - 5.2.2010
- {2}
-
ماوه‌یه‌كی باشه هیچ نانوسم و هیچ ناڵێم , ماوه‌یه‌كی باشه تۆش بێده‌نگیت . نه من به نوسین توانیم دوریت بلاوێنمه‌وه نه تۆش به بێده‌نگی توانیت ده‌نگ و سه‌دات له گوێما بسڕیته‌وه, نه من بۆم كرا سروشت و وێنه‌ی جوانت له‌خه‌یاڵما بڕه‌وێنمه‌وه , نه تۆش په‌شیمان بویته‌وه له‌و ووته‌یه‌ت كه به‌ڵێنمان هه‌زار ساڵ بوو پێكه‌وه یه‌كتر بدوێنین. نه من توانیم هه‌ستم داڕێژمه‌وه و بیر له جێیه‌كی تر بۆ دڵ ئارام بون بكه‌مه‌وه نه توانیشم هۆشم پڕپڕنه‌كه‌م له دوریی تۆ. ده‌زانم كه تۆ وه‌ك گوڵه عه‌یار و شه‌رمنه تازه چه‌كه‌ره‌كردوه‌كان له ژێره‌وه به نیگایه‌كی چاو تێم ئه‌ڕوانیت. به نیگایه‌كی چاو و هه‌نگاو به هه‌نگاو لێم ورده‌بیته‌وه و ده‌ستت به دڵته‌وه‌یه. به‌شوێن هه‌نگاوه‌كانما به ئه‌سپایی و به بێ چرپه ڕێده‌كه‌ویت و ناشته‌وێت باسی بكه‌یت و من پێی بزانم. ده‌ته‌وێت خۆت وا ده‌رخه‌یت لام كه لێم زویری و ده‌ته‌وێت پێم بڵێی كاتت نه‌ماوه بۆ گوێ گرتن و خوێندنه‌وه‌ی وشه‌كانم, ده‌ته‌وێت پێم بڵێی كاتم نه‌ماوه وه‌ك جاران گوێ بۆ ئازار و حیكایه‌ته‌كانت بگرم , ده‌ته‌وێت به ئیشاره‌ت بێت یان به‌سه‌رڕاوه‌شاندن پێم بڵێی نه‌خێر نا لێم ته‌وه‌لابوی و چیدی ناته‌وێت نه هه‌واڵ و باسێكم نه وشه‌یه‌كم لێ وه‌رگریت, ناته‌وێت نه هه‌ناسه‌م بلاوێنیته‌وه و نه پیاسه‌یه‌ك بكه‌یت به‌ناو دارستانی بێنازا و, گه‌ڵای سیس و زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوی سه‌رسینه‌یه‌كم بۆ بژار ناكه‌یت. ده‌ته‌وێت و خوازیاری بگه‌ڕێیته‌وه لام , ده‌ته‌وێیت و خوزیاری بێمه‌وه بۆ لات. به‌ڵام دڵت نایهێنێ و ناته‌وێت بمخه‌یته ژێر پرسیار , ناته‌وێت بمخه‌یته ژێر هه‌ڵبژاردن. ده‌زانیت و لات ڕوونه هه‌زار ساڵی دی تریشی بچێته سه‌ر هیچ كه‌س و هیچ جێگایه‌كم له تۆ زێده‌تر خۆش ناوێت و ئه‌وه‌نده‌ی تۆ عاشقی نابم. ئه‌وه‌نده بۆنی لا ملی شه‌یدام ناكات و نامخرۆشێنێ ئه‌وه‌نده چاوی گه‌شی نامله‌رزێنێت. نازانم من تۆم به چێهێشت و لێت دابڕام یان تۆ خۆت دورخسته‌وه لێم. خۆت ده‌زانی به‌جیا له‌و حیكایه‌ت و به‌سه‌رهات و ئه‌فسانه و فه‌نتازیانه‌ی كه هه‌ن , من حیكایه‌تی تایبه‌تیم هه‌یه . خۆت ده‌زانی كه ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تایی یه‌كتر ناسینمانه‌وه به‌ڵێنێكمان به‌یكتردا, كه كه‌سمان ئه‌ویدیمان فه‌رامۆش نه‌كا, نه زه‌مه‌ن و نه‌شوێن و نه سنور و نه دوری كارنه‌كاته سه‌رمان. بیتره وتت گه‌ر تۆ له ئاینده‌دا بویته كه‌سێكی به‌ناوبانگ , من خۆمت پێوه فش ده‌كه‌مه‌وه و ده‌ڵێم ئۆی ئه‌وه خۆ خۆیه‌تی من ده‌یناسم ئه‌وه كوڕی خۆمه.
ده‌مامكی ڕۆژی هه‌شته‌م / به‌شی جواره‌م
له ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵی تازه‌دا، شه‌رێكی له‌گه‌ڵ كردم له داخی ئه‌وه‌ی كه له هه‌ڵپه‌ڕكێدا خه‌ڵكی دی ده‌ستیان له‌ده‌ستمه‌دابوه و هه‌ڵپه‌ڕیون . بێ ئه‌وه‌ی من بزانم له‌ده‌ستی كێوه هه‌ڵپه‌ڕیوم، كه‌وته ناوه ناتۆره و توانج و قسه‌ی ناشیرین پێیان ، ئه‌وه‌یان هه‌زه‌لی هه‌ڵئه‌په‌ڕی ، ئه‌وی دیان ورگن و كورته‌بنه بوو ، ئه‌ویتریان جله‌كانی بۆیه‌ی پیاڕژابوو . به پێی ڕوانگه‌ی ئه‌و هه‌رچی له‌و ئاهه‌نگه‌دا هه‌ن چاویان له من بڕیوه ، یه‌ك بست لێم دورنه‌ده‌كه‌وته‌وه و بۆی بلوایه بۆ ناو ئاوده‌ستی ژنانیش له گه‌ڵمدا ده‌هات . وای لێ ده‌كردم هه‌زار جار قسه‌م به‌خۆم ده‌وت كه ده‌چمه ئه‌و شوێنه گشتیانه و قه‌ت هیچ بۆنه و یاد و ئاهه‌نگێكمان نه‌ده‌گه‌یانه نیوه‌ی كاته‌كه‌ی به دڵێكی پڕ له خه‌م و توڕه‌ییه‌وه به مه‌جبوری ئاهه‌نگه‌كه‌م جێ ده‌هێشت.
هه‌میشه ئه‌یسپاردم به په‌شیمانی و وای لێده‌كردم له ترسی په‌شیمانی هیچ هه‌نگاوێك هه‌ڵنه‌هێنم و له ترسی ره‌خنه شیعریه‌كانی نه‌توانم به ئاسمانی كۆپله‌یه‌كا بفڕ‌م و به ویستی خۆم باڵه‌كانم بكه‌مه‌وه ، ته‌نانه‌ت چاو كردنه‌وه‌ش حه‌رام بوو له‌ناو دێر و كۆپله‌كانی ئه‌ودا نه‌بوایه.
پیاو له ماڵی دایكه‌وه، له ناز و باوه‌شی دایكه‌وه فێری ته‌مه‌ڵی ده‌بێ، هه‌رچی بوێ دایك ده‌یداته ده‌ستی و شه‌وی سه‌دجار خۆی به قوربان و به‌ساقه‌ی ده‌كا ، ئاوی ئاو ئاسایش ده‌خاته به‌رده‌ستی ، دایك له خۆشه‌ویستی و نه‌زانیه‌وه كوڕ فێری پیاوسالاری و ته‌پلۆسی ده‌كا ، دایك وا ده‌زانێ گه‌ر كوڕه‌كه‌ی له ماڵه‌وه كارێ بكات، ئه‌وا عه‌زیه‌ت ئه‌خوا، بۆیه به ئه‌ركی خۆی ده‌زانێ و پێی وایه ئه‌م بۆ ئه‌وه دروست بوه كه خزمه‌تی كوڕه‌كه‌ی بكات، وه‌ختێ ژنیش دێنێ هه‌ر خودی دایك چاوی له‌وه‌یه كه چۆن ژنه‌كه خزمه‌تی كوڕه‌كه‌ی ده‌كات، دایك نیه ئه‌و گله‌ییه له كوڕه‌كه‌ی نه‌كات كه تا له لای ئه‌و بوه ده‌ستی له ڕه‌ش وسپی نه‌داوه به‌ڵام له ماڵی ژنه‌كه‌یدا وا خه‌ریكه كار بۆ ژنه‌كه‌ی ده‌كات، گه‌ر خوشك له‌ماڵا بێت ئه‌وا ئه‌ركه‌كه به‌سه‌ر خوشكه‌كانیشدا دابه‌ش ده‌بێ ، گه‌ر دایك ته‌نها بێ ئه‌وا گۆره‌ویه‌كانی كوڕه‌كه‌شی ده‌بێ ئه‌و بیان شوات .
دڵپیسی خۆی به‌وه له قه‌ڵه‌م ده‌دا كه خۆی پیاوه و ره‌گه‌زی پیاو ده‌ناسێ ، ده‌ڵێ پیاو هه‌مویان وان هه‌ر هیچیان ده‌ستنه‌كه‌وێ خه‌ریكی كه‌ر و بزن ده‌بن. ئه‌وه‌ی كه له‌ناخه‌وه هه‌یه‌تی پیاوێكی تاسه‌ر ئێسقان له‌خۆبایی و حازر بۆ بێڕێزكردنی هه‌ركه‌سێك كه بیه‌وێ.
شیعر ئه‌و ماسكه‌یه پیاوه ساخته‌چیه‌كان له‌سه‌ر ده‌م و چاویان دایده‌نێن تا ده‌م و چاوی ناشیرینیانی پێ بشارنه‌وه .
پیاو تا له دڵ ره‌قیه‌كانی ناخی رزگاری نه‌بێت ، تا دان به كه‌سایه‌تی ژن‌دا نه‌هێنێ، گه‌ر ژن وه‌ك بونه‌وه‌رێكی سه‌ربه‌خۆ نه‌بینێ ، گه‌ر له دێوی خۆ به‌ساحه‌ب زانی ژن ڕزگاری نه‌بێ. له هه‌زاران شیعریشدا به مه‌عشوقه و به په‌ریه بالداره‌نیان وه‌سف بكه‌ن ، هه‌ر ناتوانن ژن بناسن.
پیاوان بۆ ئه‌وه‌ی ژنان بناسن ده‌بێ له مانگێكدا هه‌فته‌یه‌ك ئه‌و ئازاره بچێژن كه ژن هه‌یه‌تی، یا نه‌ك نۆ مانگ ته‌نها پێنچ مانگ ئه‌و منداڵه هه‌ڵبگرن كه ده‌كرێ به ناویانه‌وه ، گه‌ر پیاو ده‌یه‌وێت با خۆی ماوه‌یه‌ك ببێ به ژنێكی باش ، ئه‌و كات بێت پێناسه‌ی ژنی باش بكات .
گه‌ر ژنه‌كه‌م له ریزی كه‌نتۆره‌كه‌م ، سه‌یاره‌كه‌م ، ته‌زبیحه‌كه‌م ، سه‌لاجه‌كه‌م نه‌هاته ده‌ره‌وه و ، وه‌ك پارچه‌كانی ناو ماڵ و ده‌ره‌وه‌ی ماڵ چاوی لێ بكرێت كه پیاو به موڵكی خۆیانی ده‌زانێ ، ئه‌وا ژنه‌كه‌م وه‌ك كه‌ره‌سته‌كانی ناو سه‌لاجه‌كه كۆن ده‌بێت و رۆژێ دێ له كار بكه‌وێ و به‌رواری به‌سه‌ربچێت،
به وانه‌شه‌وه كه مافخوازن و پێیان وایه ئه‌وان باشن چونكه هه‌ق ده‌ده‌ن به ژنه‌كانیان ، ژن بۆ مافی خۆی لای خۆی نه‌بێ و له پیاوه‌وه وه‌ك مه‌كره‌مه وه‌ری بگرێ ، پیاوێك كه ده‌ڵێ قاپ بۆ ژنه‌كه‌م ده‌شۆم ، فه‌رقی نیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه نایشوا ، چونكه ژن پێویستی به قاپ شتن نیه به‌ڵكو ئه‌ركێكی رۆژانه‌ی ژیان ئه‌وه‌یه كه خۆت خواردن ده‌خۆی و بۆ خۆتی ده‌خۆی ، بۆ ژنه‌كه‌تی ناخۆی ، بۆیه كه ده‌یشۆی بۆ خۆتی ده‌شۆی .
پیاوێك پڕبێت له‌و شیعرانه‌ی كه جگه له خوی ئامۆژگاری هیچی تر ده‌رناده‌ن ، له‌گه‌ڵ پیاوه‌كانی دیا فه‌رقیان نیه .
«رۆژێكیان به شێوه‌یه‌كی گه‌رم‌و گوڕ لاسایی یه‌كێك له فیلمه‌كانم كرده‌وه‌و، باوه‌شم به مێرده‌كه‌مدا كرد، ماچم كرد‌و...». قیامه‌ت هه‌ستاو گه‌یشته ئه‌و پله‌یه له وه‌حی پیاوانه ، كه هه‌موو ده‌مامكه شیعری و دوڕووییه‌كانی ده‌ركه‌وت و ووتی:
ئه‌مه بێ ئه‌خلاقیه . ئه‌م ماچه له كوێوه فێربوی ..... ؟؟
11:49 - 12.11.2009
- {0}
-
ده‌مامكی ڕۆژی هه‌شته‌م
ده‌مامكی ڕۆژی هه‌شته‌م / به‌شی سێهه‌م
ماوه‌یه‌ك پاش ئه‌وه كه ده‌چومه‌وه كتێبخانه سه‌رنجم ده‌دا و چاوم ده‌گێڕا هه‌ستم ده‌كرد چاوی له‌سه‌رم ناتروكێنێ و به‌شوێن هه‌نگاوه‌كانمه‌وه‌یه ، دوایی خۆی بۆی دركاندم كه هه‌ستێك له ناخیا وای لی كردوه كه بیرم لێ بكاته‌وه و به سۆراخمه‌وه بێ . نازانم ئه‌و هه‌سته چی بوو ؟ هه‌ستی تۆڵه‌كردن بوو ؟ یا هه‌ستی ئاشتی دوای شه‌ڕ ؟
هه‌ستده‌كه‌م له پێناو تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌دا منی كرده ژنی خۆی. خۆپه‌رستی و هه‌ست كردن به شكان له ئه‌وه‌ڵین ساته‌وه رقی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی له‌لا دروست كرد و به دوورووی ، تا وه‌ك ئاسكێكی له قاچ كه‌وتو له‌ناو تۆڕی ته‌نراوی شیعره‌كانیا خۆم دیه‌وه .
ئێستا شاعیره‌كان وه‌ك كیسرا و ئیمپڕاتۆر و قه‌یسه‌ره‌كانیان لێ هاتوه ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ل هه‌موو كچانی مه‌مله‌كه‌تدا جووت بن . ئه‌وان جیاواز له قه‌یسه‌ر له گه‌رمه‌ی شه‌ڕا شیعر ده‌به‌خشنه‌وه ، ده‌ڵێن فه‌نتازیای شیعر وا ده‌خوازێ .
دوبه‌ندی گۆرانیه‌ك كه له ئاهه‌نگێكدا بوترێ كه خوا ده‌زانێ میژوه‌كه‌ی كه‌یه ، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌ورێكی ڕه‌ش له قسه‌ی بێ تام په‌رژینم بكات .
ئه‌و هه‌روه‌ك هه‌موو پیاوێكی ئه‌م گۆی زه‌ویه ، پێیوایه پیاو ده‌ست له ژن به‌ربدات ده‌كه‌وێته‌خوار. گه‌ر قسه‌یه‌كی نه‌سه‌پێ ، سێ رۆژ له نان ئه‌تۆرێ ، له لوت به‌رزیدا زۆر جار كه هه‌ڵه‌یه‌كیش ده‌كات به‌س له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌ڵێ ببوره من هه‌ڵه‌م كرد لوتده‌كات.
ده‌ستی ده‌خسته ناو هه‌ڵبژاردنی هاوڕێكانیشمه‌وه ، ده‌بوایه به‌دڵی ئه‌و هاورێكانم هه‌ڵبژێرم ، حه‌زی ده‌كرد كامه كه‌س ژنه‌كه‌ی جوان بوایه هاوڕێیه‌تی بكا ، ده‌یووت خوا بۆ ئه‌وه دروستی كردوم تا جوانی پێ ببینم، چاوی من بۆ ئه‌وه كراوه جوانی ببینێ، نه‌شی ده‌هێشت ئه‌وانه‌ی دۆستی هۆنراوه و ده‌نگبێژی شیعره‌كان بون و له هونه‌ره‌وه نزیكن په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ بچنن ، ده‌یووت شاعیره‌كان ده‌میان لوسه و دوایی له خشته‌ت ده‌به‌ن . زۆر جار شه‌رێ به ئاوێنه‌كانی ماڵه‌كه‌شمان ده‌فرۆشت كه من له به‌رده‌میا خۆم ده‌گۆڕم و خۆمیان له‌به‌رده‌مدا ئارایش ده‌كه‌م .
هه‌ر زوو زوو ده‌یوت وه‌ك هه‌موو ژنێكی دوینا خۆت بۆ پیاوه‌كه‌ت جوان بكه ، منیش كه توره ده‌بوم ده‌موت وه‌ك هه‌موو پیاوێكی دونیا به‌س ده‌زانن چاو بز بكه‌نه‌وه و ته‌ماشای ڕوتی ژن بكه‌ن ..
هه‌میشه بڕیاره‌كانی ئاماده‌یه تا خه‌ڵكانی دی پێ له چوارچێوه بدا ، هه‌میشه ناوه‌ناتۆره‌كانی ئاماده‌ن تا به‌سه‌ر خه‌لكی دیا بیان لكێنی ، كۆمه‌ڵێ فۆرمی وشه و قاڵبی تایبه‌تی هه‌یه كه هه‌ر كه‌سێكی بوێ ده‌یخاته ناوی ته‌نها خۆی نه‌بیت ، كه به‌پێی قسه‌ی خۆی بێ هیچ چوارچێوه‌یه‌ك نایگرێته‌وه ، بۆی ئاسانه تانه و ته‌شه‌ر دان و قسه‌ی سوك كردن .
هاورێیه‌كم هه‌بوو زۆرم خۆشده‌ویست ، به‌ڕاست هاوڕێی ته‌نگانه و ئه‌و كاتانه‌م بوو كه دڵم تیایدا ده‌گیرا و حه‌زم له خه‌م هه‌ڵڕشتن بوایه ، هانام بۆ ده‌برد و دایمه هه‌موو هه‌ست و گیان و دڵی ئاوه‌ڵا بوو بۆم ، جودا له وانی دی زۆر هه‌ستی پێ ده‌كردم ، چونكه هه‌ر له مناڵیه‌وه و به‌زۆر دابویان به شوو ، دوای پێنچ ساڵ و منداڵێك سه‌ره‌نجام جیابوبۆوه ، زوو له مانای خه‌م و ناڕه‌حه‌تی ده‌رونی تێگه‌یشتبوو و هه‌ستی پێده‌كرد، له‌شووی دوه‌میشیدا شكست دێنێ و دوای سێ مانگ جیاده‌بێته‌وه ، سه‌ره‌نجام نه‌گبه‌ته له زه‌واجی سێهه‌میدا دوای دوو ساڵ و منداڵێك له‌ویش جیاده‌بێته‌وه.
ته‌ركی ئه‌و هاوڕێیه‌ی پێ كردم ، ده‌یوت عه‌یبه‌یه له سێ شوو یه‌كێكیانی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه . هه‌زار بیانوو و بوختان و شتی هه‌ڵبه‌ستراوی بۆ ده‌هێنامه‌وه تا ته‌ركی هاوڕێیه‌ك بكه‌م و وازی لێبێنم . هه‌ركه‌سێكی به‌دڵ نه‌بوایه به چه‌نباز و نه‌زان ده‌یدایه قه‌ڵه‌م.
..........باشتره بڵێم ماویه‌تی.......
11:22 - 12.11.2009
- {0}
-
ده‌مامكی ڕۆژی هه‌شته‌م
ده‌مامكی ڕۆژی هه‌شته‌م / به‌شی دوه‌م
هه‌میشه له ڕابوردو ڕاماو و ، ئاوڕ ده‌ره‌وه له دواوه ، ناوێرم له‌گه‌ڵیا بچمه جێیه‌ك ، هه‌زاران جنێو به‌م و به‌و ده‌دا ئه‌مه چیه ته‌ماشایه‌ك ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌ونده‌ی ده‌مێنێ یه‌خه‌ی دوا به‌یه‌كی ڕێبوارانی سه‌ر رێگه بگرێ . وه‌ختێ خۆشی له نه‌وس و هه‌وه‌سیا چاوی به ئه‌ندازه‌ی سینی ڕادارێك بزده‌كاته‌وه و له‌م و له‌و ده‌ڕوانی ، ده‌ڵێ چاو له ئاست جوانی دا شه‌رمنه و ناگیرێ .
له هیچ شوێنێك باوی ئه‌و جنێوانه نه‌ماوه كه‌چی ئه‌م پیاوه‌ی من هه‌ر ده‌م پیسه ، ده‌ڵێم باشه تۆ وه‌ك له شیعرا وشه‌كانت ناسكه خۆت بۆ ئه‌وه‌نه ده‌مپیسی و دایمه لیك به ده‌مته‌وه‌یه ، ده‌ڵێت لێم جوانه و له مه‌مله‌كه‌تی ئێمه ئه‌و گوفتانه ئاساییه.
شیعر نه‌ماوه به‌سه‌ر باڵا و به‌ژن و ناسكی ژنا نه‌یڵێ، كه‌چی كه ده‌چینه ئاهه‌نگێكه‌وه ، به قه‌سد یا بێ قه‌سد كاكی گۆرانی بێژ به‌نده‌كانی نزیكن له‌وه‌ی كه به منا هه‌ڵبدا ده‌كوێته جوێندان و شایی و حه‌فله‌مان لێ ده‌كا به ژه هری مار.
من كه‌سی وام نه‌دیوه ئه‌وه‌نده له خۆی رازی بێت و خۆی به شت بزانی ، ئاخر وتمان خوێندنه‌وه فێری ئه‌وه‌مان ده‌كا كه زۆر پرسیار بكه‌ین و گومان بكه‌ین ، به‌ڵام نه‌ك ئه‌وه‌نده له‌خۆ رازی بوون ، به‌ڵام كاتێ گومان حه‌ره‌می حورمه‌تی كه‌سایه‌تی ده‌شكێنێ ، گومانێكی داوێن پیسه. گومان وه‌ختێ جوانه به دونیای مه‌عریفه‌ت ئاشت كاته‌وه ، نه‌ك بۆ ناو ژوره تاریكه‌كانی ملكه‌چ بونت بباته‌وه .
قسه‌ی جوان و خۆشی له كاتی ره‌خنه و پرسیار خستنه سه‌ر من ئه‌وه‌یه ، به من ده‌ڵێ ده‌تكه‌م به به‌شه‌ر ، ئاقڵت ده‌كه‌م ، ئه‌قڵت بسپێره به من . من وام لێهاتوه بۆ ئه‌و و بۆ گومانه‌كانی ئه‌و بژیم ، رقم له گومانه ، رقم له پرسیاره گه‌ر وا بكرێ ، ئه‌یه‌وێ من بكات به خۆی ، خۆیه‌ك پڕ له ده‌رونێكی نه‌خۆش و كه‌سایه‌تیه‌كی دووڕوو ، شیعر كردویه‌تی به مناڵێكی توڕه‌و عیناد ، شیعر كردویه‌تی به‌و بێ هۆشه‌ی هه‌رچیه‌كی گوتبێ و كردبێت ، پێی نه‌وتوه بۆ وا ده‌كه‌ی و وا ده‌ڵێی.
هه‌رشتێ به دڵی خۆی نه‌بێت ، نابێ ببێ و كردنی مه‌حاڵه . هه‌میشه ده‌سته‌و ئاماده وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی بۆ جه‌نگێكی كت و پڕ و ڕانه‌گه‌یه‌نراو ئاماده‌كردبێ ، ساده‌ترین وشه له منی نه‌فامه‌وه! به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی چه‌ند رۆژه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵگیرسێ ، گه‌ر شه‌ڕی وشكانی و ئاسمانیش بوستێ ، ئه‌وه هه‌میشه شه‌ڕی مێدیای هه‌ر به‌رده‌وامه و وه‌ستان له مه‌زه‌بیا نیه.
یه‌كه‌مین ساته‌كانی یه‌كتر ناسینمان به شه‌ڕ ده‌ستی پێكرد ، وه‌ختێ له كتێبخانه‌ی گشتی به ده‌م سه‌عی كردنه‌وه گوێم له چركه چركی قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی ده‌ستی بوو ، وه‌ك هه‌وری به‌هار له پڕ گرمانم به‌سه‌ریدا و وتم ئه‌رێ پێت وایه ته‌نها خۆت لێره دانیشتویت ، ئه‌ویش كه‌مێ خه‌جاڵه‌تی كێشا و به‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی بۆ نواندم و بێده‌نگ كه‌وتمه‌وه خوێندنی خۆم.
ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك به‌وه‌وه ناڵاندم كه به‌بێ ئاگایی لێی توره‌بوم ، كه ده‌كرا به شێوازێكی دی تێی بگه‌یه‌نم ، به‌ڵام هیستریای سه‌عی و ئیمتیحان و نمره‌ی باش ، هۆشیان له‌لا نه‌هێشتبوم ، هه‌ستم به‌وه كرد كه ره‌قیم نواند له به‌رامبه‌ریدا . نازانم بۆ به دوای فورسه‌تێكدا ده‌گه‌رام تا شیاو بێ و بلوێ داوای لی بوردنی تیا بكه‌م لێی؟
..........باشتره بڵێم ماویه‌تی.......
10:56 - 12.11.2009
- {0}
-
ده‌مامكی ڕۆژی هه‌شته‌م
ده‌مامكی ڕۆژی هه‌شته‌م / به‌شی یه‌كه‌م
شاعیره ، ده‌یان ووت دڵ ناسكه ، كه وه‌سف ده‌كا و ده‌لاوێته‌وه ، هه‌زاران گوڵ و په‌پوله‌ی جوان له زاریه‌وه دێنه ژیانه‌وه ، وشه‌كانی دونیای جه‌نجاڵی واقع جێده‌هێڵن و له رۆمانسیترین فه‌نتازیادا له‌سه‌ر هه‌ور و له نێوان دڵۆپه‌كانی باران و له ناو باخچه هه‌ڵواسراوه‌كانی عه‌شقا ، ستایشی ئاڵ بونه‌وه ده‌كه‌ن. كه مه‌ی و شیعر تێكه‌ل ده‌كا ، هه‌ر جاره‌ی ڕه‌نگێك ده‌نه‌خشێ كه له ڕه‌نگه‌كانی دی ناكه‌ن ، هه‌مو رۆژێ قه‌سیده‌یه‌كی بۆ باڵای ناسكبونه‌وه‌ی په‌ڕه‌كانی عه‌شق چڕیوه .
ده‌بێژن له رۆژنامه‌كانیشدا شیعر و بابه‌تی بڵاوكراوه‌ی هه‌یه . ده‌یان ووت كه له ده‌میه‌وه هه‌وا دێته ده‌ر ، هه‌ناسه‌كه‌شی ده‌بێته به‌یتێك له ناسكی و وشه‌ی بۆندار و خوێن‌شیرین ، به‌ناو ئه‌و ئاسمانه‌دا سه‌ما ده‌كه‌ن كه ئه‌وی تیادا ده‌بێت ، دڵ سه‌غی و گه‌وره ، میهره‌بان و دڵ نه‌رم ، ژیر و پڕ مه‌عریفه ، كامڵ و دنیا دیده . سوارچاكێك ، تیرێك له كه‌وانیه‌وه ده‌ر نه‌چوه گه‌ر زه‌مانه‌تی پێكانی نیشانه‌ی نه‌كردبێ ، گه‌ر جارێكیش نیشانه‌ی نه‌پێكابێ ئاوڕی لێ نه‌داوه‌ته‌وه و لای لێ نه‌كردۆته‌وه .
به‌ڵام هه‌ر زوو ده‌ركه‌وت كه ئه‌وه‌نده عاشقه و قه‌ناعه‌تی به بونی عه‌شق هه‌یه كه شته‌كان موڵكی خۆی بن ، عه‌شقی ئه‌م نه‌وسه بۆ زه‌ودكردنی شته‌كان ، تا له لای خۆی بۆی بسه‌لمێ ، بۆیه ئه‌و شتانه‌ی ده‌ستكه‌وێت چونكه خۆی قابیلی ئه‌وه‌یه و شایه‌نیه‌تی. خۆی عاشقێكی مه‌زنه و خوای عه‌شق پاداشتی ده‌داته‌وه .
عه‌شقی ئه‌م جاڵجاڵۆكه‌یه‌كه به ژه‌هر تۆری تێكترژاوی خۆی له ده‌وری رۆح و جه‌سته چێده‌كات . عه‌شقی ئه‌م عه‌شقێكی نه‌رجسی و پڕ له خۆپه‌رستیه ، عه‌شقی ئه‌م پڕه له‌و حه‌قیقه‌ته دۆڕاوانه‌ی كه سه‌ده‌یه‌كه به‌سه‌رچون و مۆدێلیان نه‌ماوه ، عه‌شقی سوتان و خۆكێشان به باڵی پیاودا ، عه‌شقی به‌خوابونی پیاو و سوجده‌ی ژن.
خۆم جوانناكه‌م و ده‌ست به خۆمدا ناهێنم ، ده‌نوكی له‌سه‌رمه‌و هه‌ر ده‌ڵێ بۆنی سیر و پیازی چێشتخانه‌ت لێ دێت ، وه‌ختێ جلێكی جوان له‌به‌رده‌كه‌م هاواری لێ هه‌ڵده‌ستێ ، ده‌مێ ده‌ڵێ تۆ بۆ ده‌ره‌وه خۆت ده‌ڕازێنیته‌وه كه‌چی له ماڵه‌وه ناسازی، یا ده‌لێ ئه‌وه چیت بیستوه وا خۆت كه‌شخه كردوه.
گه‌ر خۆتی لێ ته‌وه‌لا ده‌كه‌ی و نایدوێنی لوت ده‌كا و ده‌ڵێ نایه‌ی به لاما و لێم ناپرسی و نامدوێنی و نازم ناكێشی ، گه‌ر تۆزێ لێی نزیك ده‌بیته‌وه‌و قسه‌ی خۆشی بۆ ده‌كه‌یت و به ساقه و قوربانی ئه‌بیت، ئه‌ڵێ چیه وا دیاره مه‌رامێكت هه‌یه وا ئاوا به ده‌ورما دێیت و ده‌چیت.
جلێكم نه‌كڕیوه ئه‌م ده‌نوكی لێنه‌كوتابێت و سه‌ری پیا شۆڕنه‌كردبێته‌وه ، یا پاره‌كه‌ی پێ زۆر بوه یا نه‌قدی له كه‌مه‌ر و به‌ر یه‌خه و سنگ و به‌رۆكه‌كه‌ی گرتوه ، ئه‌مه ته‌سكه ، ئه‌مه ره‌نگه‌كه‌ی زه‌قه . من شاعیرم نه‌دیوه ئه‌وه‌نه زه‌وق مردوو بێ سه‌لیقه بێ ، ئه‌و رۆژه ته‌نوره‌یه‌كم كرێ فه‌تحه‌یه‌ك له یه‌كێ له لاكانیدا ، كه‌چی بڵێ چی باشه ، ئای ئه‌وه خۆ له بیریان چوه ئه‌و تۆزه‌ی بدورنه‌وه ، ئا بێنه با خۆم بۆت بدورمه‌وه .
ئه‌وه‌نده له خۆی ڕازیه‌و به ده‌وری خۆیدا دێت و ده‌چێ ، خۆی نه‌بێ گشت كه‌سێكی پێ فشه‌یه ، پیاوم نه‌دیوه ئه‌وه‌نده له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌دا به به‌ژن و باڵای خۆیدا هه‌ڵبدا . ده‌می پیس و جوێن فرۆش ، هه‌رچی به دڵ نه‌بێ و حه‌زی لێی نه‌بێ ده‌یداته به‌ر ڕه‌حمه‌تی ناوگه‌ڵی و، خۆی تێ ده‌سوێ ، سه‌یر له‌وه‌شدایه ئه‌وانه‌ی كه زیاتر ده‌كه‌ونه به‌ر شه‌پۆلی قسه سارده‌كانی پیاوه‌كانن به‌ڵام بێ گومان له داخی من و به‌مه‌به‌ستی سوك كردنیان له‌به‌ر چاوی من ، به‌ڵام دواجار وه‌ك هه‌موو جنێوفرۆشه‌كانی دی جنێوه‌كانی هه‌ر به ئاڕاسته‌ی نه‌رمه‌ی گۆشتی ژنه‌كانیانه.
..........باشتره بڵێم ماویه‌تی.......
12:33 - 1.11.2009
- {0}
-
عەدنان کەریم
من سه‌رم گه‌رمی شه‌رابی عه‌شقه بۆچی بێ مه‌زه‌م من مه‌زه‌ی مزری هه‌نار و سێوی ئه‌و بانه‌م ده‌وێ
چونكه گیانم واله كوڵدا كوره‌یه ناخی دڵم بۆ ئه‌وه‌ی دڵ دا بمركێ , یاری دێوانه‌م ده‌وێ
09:09 - 9.9.2009
- {0}
-
گوڵەبەڕۆژەی بر‌ژاو
ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌مو گوڵه‌به‌رۆژه‌یه هی تۆ بێت به‌شی كه‌سی لێ ده‌ده‌یت؟
درێژەی بابه‌ت ....
20:27 - 1.8.2009
- {0}
-
وه‌ک جاران حه‌زم له‌بۆنی زه‌ردی جارانه
نه ده‌نگێک نه ڕه‌نگێک!
ئه‌رێ جاران ، ژیان لای تۆ چۆن ده‌گوزه‌رێ؟
ئه‌زانی به‌حوزنه‌وه ئه‌ڕوانمه په‌نجه‌ره‌که‌ت ، که په‌رده‌یه‌کی خۆڵاوی و ڕه‌شی پیادا دادراوه‌ته‌وه و ڕوناکی لێوه‌ناچۆڕێت
وه‌ک جاران باوه‌ڕم پێ بکه ، من وام ، هه‌رچیم بۆ ده‌نێرێ بنێره ، گه‌ر ده‌رد و قوزه‌ڵقورتیش بێت بۆ من وه‌ک هه‌نگوینی ماچێکی عه‌یاره
من گه‌ر گه‌ره‌کم بێت بۆت بێمه قسه ، به‌شی ئه‌وه‌نده‌ت ده‌لاوێنمه‌وه که هه‌موو رۆژه‌که‌م به‌ش نه‌کات..
وای جاران !
خه‌ریکه به‌ده‌م وه‌نه‌وزه‌کانی جارانه‌وه خه‌و ده‌مانباته‌وه و، بۆ خه‌ونێک ده‌گرین که تێر به‌سه‌ر سه‌رینیدا نه‌تلاینه‌وه،
خه‌ریکه جارانمان پڕ ده‌بێ له نوری ئه‌و روناکیه سپیانه‌ی که له‌ناو سینه‌ی گه‌نمه‌وه تیشکیان ده‌دا ،
وه‌خته بۆ جاران ده‌بینه ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی که گێڕانه‌وه‌یان ته‌زویه‌ک له خه‌م
ته‌زویه‌ک له له‌رز ده‌به‌خشن ،
وه‌خته وه‌ک جاران بڵێم حه‌زم له بۆنه، بۆنی زه‌رده و بۆنی مه‌ستی .
ده‌مه‌وێت جاران وه‌ک جاران بگرمه‌وه باوه‌ش و
بینێم به‌سینه‌یه‌ک له‌حه‌سانه‌وه‌وه ، ده‌مه‌وێت بۆنی جاران که‌م
وه‌ک جاران پڕبم له‌شه‌و .
وه‌ک جاران به‌دوای هه‌واڵی گه‌ڕانێکا بگه‌ڕێم
وه‌ک جاران بچمه دیداری خۆر،
وه‌ک جاران باس له‌سه‌فه‌ری شیعر به‌ناو مه‌مله‌که‌تی عه‌شقه شه‌رابیه‌کاندا و
به‌ناو باخی پڕ له‌حه‌زه گه‌رمه‌کاندا پڕ له‌هه‌ناسه ،
حه‌زم له گرتنی ده‌ستی جارانه له سه‌فه‌رێکا بۆ لای مه‌مله‌که‌تی ده‌نگ ،
بۆ لای مه‌مله‌که‌تی کزی و له‌رزۆکی و گریان ،
بۆ لای مه‌مله‌که‌تی خه‌م و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کانی منداڵی
وه‌ک جاران هه‌ست به‌گه‌وره‌یی سه‌حراکه‌م و وه‌ک جاران به‌سه‌رهاتی گوڵیک بکه‌م به‌ڕۆمان
12:26 - 10.7.2009
- {0}
-
ئەی ئەوەی من گوناهبار دەکەیت
گوێگرتن
---------------------------------------------------- ئه‌ی گه‌مژه گوناهی من نییه تۆ نا‌توانیت یاقووت ڕاوبكه‌یت
گوناهی من نیه تۆ له جنسی خشۆكه‌كانیت و من له‌ڕه‌گه‌زی تۆفان
من له جنسی خوداكانم و تۆ له جنسی مێرووله خوساوه‌كانی ژێر باران
من سه‌ر به‌خێڵی ئه‌ستێره‌ناسه‌كانم ، تۆ كرمفرۆشێكی بیمار
تۆ پاسه‌وانی كه‌لاوه‌یت، من ئه‌ندازیاری یۆتۆپیام
تۆ لقی دره‌ختێكی كرمێیت ، من نور و گڕ و ڕه‌شه‌بام
گوناهی من نییه تۆ نا‌توانیت گوڵ بگریت
گوناهی من نییه ، سه‌ری تۆ له دڕك زیاتر هیچ ناگرێت
ئه‌وه‌ی من ده‌ینێرم بۆ ئه‌به‌دییه‌ت به تۆ ناگه‌ڕێته‌وه
ئه‌و خاك و زه‌ریایانه‌ی من دروستیانده‌كه‌م ، به‌گه‌زی په‌ڕپوتی تۆ ناپێورێن
تۆ ئه‌ی كڕیاری كۆنی زبڵخانه‌ی ژیان
دانی تۆ له‌وه پیرتره، گوێزی پڕ حیكمه‌تی من بشكێنێت
لووتی تۆ له‌وه زه‌لیلتره ، بۆنی باغی من بكات
12:41 - 9.7.2009
- {0}
-
سەڵاوات
سه‌ڵاوات له نور و دیداری ئه‌حفادی خه‌یاڵ و ناسكی و فرین سه‌ڵاوات له نور و دیداری به‌سته ونه‌وا مه‌سته‌كانی باخ سه‌ڵاوات و درود بۆ گوڵه شینه‌كانی ده‌م رازێكی كانی سه‌ڵاوات و دورد بۆ بۆن و به‌رامی ئێوارانی سه‌فه‌ر دونیایه‌ك نوشتانه‌وه و كڕنوش بۆ هه‌ناسه گه‌رمه‌كانی ئێواره پیاسه‌یه‌ك
18:13 - 8.7.2009
- {0}
-
---
له‌بیرته‌شه‌ممه‌یه‌ك شه‌وت خۆش ده‌ویست و خۆشی ده‌ویستی
رقت ده‌گرت له‌رۆژی ئاگایی و دور له‌مه‌ستی
ده‌وه‌ره وا من له‌شه‌و و له مه‌ستیما به‌ده‌وری چرای گه‌رمی سه‌رتا
ئاڵ ده‌بمه‌وه و
په‌روانه‌یه‌كم پڕ سه‌ربه‌ستی
17:33 - 8.7.2009
- {0}
-
گه‌وهه‌رێكی قرنجاو
گه‌وهه‌رێك له لای چه‌پی ڕه‌فه‌یه‌كدا ، له ناو سندوقێكی گۆشتین قایمكراوه
جیاواز له هه‌موو دووڕ و نقێمه به نرخه‌كانی دی
پڕ له سه‌ره‌تاكانی جوانی ، خه‌ونه‌كانی گه‌وره‌بوون.
ته‌ژی به ئێواره‌كانی كه‌نارێكی لماوی
ئاوێزان له‌گه‌ڵ باوه‌شی گه‌رمی هه‌تاو .
گه‌وهه‌رێك وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئه‌ووه‌ڵی ژیانه‌وه
ده‌ست به‌خۆیدا بهێنێت و خۆی له‌به‌ر ئاوێنه‌ی ده‌ریادا بڕازێنێته‌وه
له ناو شه‌پۆلی شینا ڕه‌نگ گه‌شتر
له‌گه‌ڵ ته‌وژمی ناخا قایمتر و
پڕ له هیوا.
گه‌وهه‌رێك پڕ له شین و دابڕان
ته‌نها و ساده
ساف و بێ گه‌رد،
ساڵانێك به قوڕ و لیته‌ی خه‌م داپۆشراو.
وا خه‌ریكه حه‌ز و خۆزگه‌ی بریسكه‌ی لێواره‌كانی
ورده ورده دڵۆپه قوڕه‌كان
له خۆیان ده‌ته‌كێنن
گه‌وهه‌رێك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ئه‌مبه‌راوبه‌ره‌ی
نێوان به‌رده‌كانی له بیر كردبێ
ده‌یه‌وێ به ئاسانی له‌سه‌ر چیمه‌نی خه‌وێك
ڕابكشێ
11:03 - 5.5.2009
- {0}
-
ده‌توانم بڵێم
ده‌توانم بڵێم ؟
كه سبه‌ی رۆژ به ده‌م خه‌می به‌هاره‌وه هاتی ،
به‌رچنیه‌ك گوڵ ی ده‌وروبه‌ری باخی دڵت له‌گه‌ڵ خۆتا بهێنه
له مێژه بۆنم نه‌كردون
ئه‌توانم بڵێم ؟
كه سبه‌ی به‌ده‌م جوانی گوڵه وه هاتی ،
هه‌رچی خه‌نده‌یه له‌گه‌ڵ خۆت بیهێنه بۆ یادگاری
كه سبه‌ی هاتی ده‌فته‌رێكی هه‌زار په‌ڕه‌یی به‌تاڵ له‌گه‌ڵ خۆت بێنه هه‌موو ئه و شتانه‌ی تیا بنوسه‌ره‌وه
كه له زه‌مانی شێت بونی ڕه‌نگه‌كانا، شه‌و بریسكه ی ده‌دایه‌وه و پڕ بو و بو و له ڕه‌نگ
كه له زه‌مانی نه‌مانی به‌رده‌وه جێیه‌كیان نه‌ما بۆ تۆماركردن
19:43 - 26.2.2009
- {0}
-
من و تۆ
نه‌تۆ وتت من
نه‌من وتم تۆ
كه‌چی وه‌خته تۆ ببی به‌من
من ببم به‌تۆ .
11:46 - 14.2.2009
- {0}
-
دەنگی دڵ
له مێژه گوێم له دڵته.............
له مێژه حه‌زم له ده‌نگته.............
زۆر جار ده‌نگ ، شیعر و وته و واتاكان ره‌نگین‌تر ئه‌كات.........
18:39 - 31.1.2009
- {0}
-
ڕێچكه
گه‌نجینه‌یه‌ك له گه‌ردی یادی له بیرنه‌چۆوه‌ی خه‌ونی زه‌ردی لاملی
هه‌مانه‌یه‌ك له تۆزی وه‌نه‌وشه‌ی شه‌وانی ڕومه‌تی
سه‌رابێك له مه‌ركانه‌ی به‌تاڵی لێو قرنجاو
مه‌ركانه‌یه‌ك له ماچی به‌جێماو
سه‌یرێك له باخی پرته‌قاڵا به بۆن كه‌وتو
بۆنێك له ناو پرته‌قاڵی ده‌ستا په‌رێشان
په‌رێشانێك به ده‌وری ترسی شه‌وقی خۆری ئاگرا په‌روانه
له‌وه نه‌ترس ئێستا ده‌رگاكانی ده‌ركی عه‌تره‌كه‌ی واڵانه‌كا و
وبڕوا
له‌وه به‌ترس رۆژگاری بێت و به به‌رده‌میا بڕوا
وه‌ك
ده‌ریایه‌ك له عه‌شقی شه‌پۆلی ئاوی
گوڕ ببا به‌ره‌و وشكانی
كه ببینێ وشكانی سوتاوه له تاوی
خۆی بۆ هه‌ڵده‌دا و له تاوا بتوێته‌وه له ناوی
وه‌ك جۆگه‌یه‌ك هه‌زاران ساڵ ڕێچكه‌ی لێ بسه‌ننه‌و
بێنن له پڕتاو بیگێڕنه‌وه ناوی
درێژەی بابه‌ت ....
21:55 - 30.1.2009
- {0}
-
جەژنت جوان
گوڵی ئاویی له کامه خه‌راباتی ئه‌م زه‌مینه‌دا تێکه‌ڵ به نوتفه شه‌رابه ڕژاوه‌کانی من ده‌بی
گوڵی ئاویی له کامه ده‌ریای چاوێکی گه‌شتدا روخسارێکی شه‌رمنی من هه‌ڵده‌گری
گوڵی ئاویی له‌کامه وێستگه‌ی چاوه‌ڕوانی به‌یانیه‌کتدا وه‌ک تاوسێکی مێینه په‌ڕه‌کانت ده‌نه‌خشێنی
گوڵی ئاویی له‌کامه نوێژی جه‌ژنانتدا به به‌رۆکی دوعایه‌کتمه‌وه ده‌لکێنی
گوڵی ئاویی، ماسیه سره‌که‌که‌ی ناو سینه‌ت له کامه پیاسه‌ی ، کامه قوڵاییدا ده‌گه‌ڕێ
گوڵی ئاویی ، ئه‌م جه‌ژنه له‌گه‌ڵ شوشه‌یه‌ک بۆنی لاملتا ده‌چمه ژوان
ده‌چم له لای هه‌ور چه‌ن گه‌ردێک هه‌ناسه‌ی ته‌ڕ کۆده‌که‌مه‌وه
ده‌چم هه‌ناسه کانی تۆ له هه‌ور وه‌رده‌گرمه‌وه
ئه‌وساتانه‌ی له ژوانه به‌جێماوه‌کانی که‌ناری مه‌ستیدا به ئه‌مانه‌ت له‌لایم دانا.
گوڵی ئاویی ئه‌م جه‌ژنه له‌گه‌ل لێوێک له پێکی لێوت دواین قومی ئه‌و شه‌رابه ده‌خۆمه‌وه که له ساته‌وه‌ختی پێکه‌وه‌بوندا ترێیه‌کمان چنگ نه‌که‌وه‌ت بۆ سازکردنی..
. جه‌ژنت جوان گوڵی ئاوی
02:28 - 4.1.2009
- {0}
-